19/11/2018
گەردانەی تەم..!
ئاوەکە لێڵ نەکەین:
ڕەنگە لە خوارێ، کۆترێک ئاو بخواتەوە
یان لە بێشەیەکی دووردا، #زەنگۆڵەمیرەیەک پەڕی بشوات
یان لە ئاواییەکدا، گۆزەیەک پڕ بکرێ
با ئاوەکە لێڵ نەکەین:
ڕەنگە ئەم ئاوە ڕەوانە، بڕواتە ژێر چنارێک، تا خەمی دڵێک بشواتەوە
ڕەنگە دەستی دەروێشێک، نانێکی وشکی
تێ هەڵکێشێت
ژنێکی شەنگ ھاتە قەراغ چەمەکە،
با ئاوەکە لێڵ نەکەین:
ڕووی جوانیی بووە بە دوو ئەوەندە
چ خۆشە ئەم ئاوە!
چ زوڵاڵە ئەم چەمە!
خەڵکی ئەو سەرەوە، چ دۆستپەروەرن!
کانییەکانیان بتەقێت، مانگاکانیان
پڕ شیر بن!
من گوندەکەیانم نەدیوە،
بێگومان شوێن پێی خودا، لە خوار
پەرژینەکانیانەوەیە
تریفەی ئەوێ، تاریکیی وشە
ڕووناک دەکاتەوە
بێگومان لەو دێیەی سەرێ، #مۆرەکان نزمن
خەڵکەکەی دەزانن، گوڵاڵەسوورە
چ گوڵێکە
بێگومان لەوێ شین، شینە
کە خونچەیەک دەپشکوێت، خەڵکی دێ
لێی بەئاگان
ئەبێ چ گوندێک بێت!
ڕێی نێو باخانی پڕ مۆسیقا بێ!
خەڵکی سەر چەم، ئاو دەفامن
لێڵیان نەکردووە، با ئێمەش
ئاوەکە لێڵ نەکەین
سوهراب سپێهری
وەرگێڕانی: تـوانــا ئەمین
#زەنگۆڵەمیرە: باڵندەیەکی بچکۆلەی سەرباڵ ڕەشی ئاماڵ زەردی دەموچاو سوورە، ئەم باڵندەیە بە پۆل لە زەوی و زارەکاندا دەژین، پایز و زستانان لەسەر ڕێگاکاندا دەبینرێ، کە وا لەنێو پووشوپەڵاشی دڕکاویدا خەریکی چینەکردنە، ئێستا لە بازاڕدا فنسیشی پێ دەوترێت.(و)
#مۆرە: چینە، دیواری قوڕین، دیواری گڵ.(و)
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەم شیعرێکە لە کتێبی (گەردانەی تەم) کە گوڵچنێکە لە ژیان و شیعر و نامەکانی سوهراب، ئێستا لە کتێبفرۆشی شار و شارۆچکەکاندا دەست دەکەوێت.